کردەی داهێنەرانە

16/12/2019    16:54

کردەی داهێنەرانە 


Şêwekar

ن. مارسل دۆشامپ
و. هەڵگورد ئەحمەد (پایزی ٢٠١٩).


با لە دوو فاکتەری گرنگ یاخود دوو جەمسەر لە داهێنانی هونەرییدا وردبینەوە: لەلایەک، هونەرمەند. لەلایەکی تر، وەرگر کە دواجار دەبێتە نەوەی-داهاتوو (posterity). 
وەک دەردەکەوێت، هونەرمەند وەک هەبوویەکی نێوەندگیر مامەڵە دەکات، کەسێکە لەکوچە و کۆڵانە تاریک و ئاڵۆزەکانی پشت کات و سپەیسەوە بەدوای تروسکاییەکدا دەگەڕێت تا لەڕێیەوە ڕێ دەربکات. کاتێک سیفەتی نێوەندگیر دەدەینە پاڵ هونەرمەند، دەبێت نکۆڵی لەوە بکەین هونەرمەند هیچ ئاگایەکی لە پلەی ئیستاتیکی ئەو شتە نیە کە دەکات یاخود بۆچی دەیکات. بەڵکو سەراپای بڕیارەکانی لە ڕاپەڕاندنی کارێکی هونەری لەئەستۆی زگماکە-زانینە پیوەکانیەتی و ناتوانرێت ئەم بڕیارانەش وەربگڕدرێن بۆ قسە و نوسین و لێکۆڵینەوە، وە یاخود تەنانەت هەر بیریشی لێبکرێتەوە.
تی. ئێس. ئلیۆت، لە بابەتی "نەریت و بەهرەی تاک"، دەنوسێت: "تا هونەرمەند زیاتر باشتر بێت، زیاتر لەخۆی دابڕاوتر دەبێت و ئەبێت بەو مرۆڤەی ئازار دەچێژێت و بەو مێشکەی دادەهێنێت؛ لەم بارەدا باشتر مێشکی توانای هەزمکردن و گۆڕینی ئازارەکانی دەبێت کە هەرخۆیان کەرەستەن بۆ مێشک."

ملیۆنەها هونەرمەند داهێنان دەکەن؛ تەنها چەند هەزارێکیان لەبارەیانەوە دەوترێت یاخود لەلایەن وەرگرەوە پەسند دەکرێن، زۆر کەمتر لەو ڕێژەیەش لەلایەن نەوەی-داهاتووەوە بە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێن.
ئەکرێت هونەرمەند خۆی لەسەر هەموو بانیژەکانەوە بەدەنگی بڵند هاوارکات و بڵێت من بلیمەتم: دواجار دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری وەرگر بێت تا ئەوەی دەیڵێت بەهایەکی کۆمەڵایەتی وەرگرێت و لەکۆتاییدا نەوەکانی-داهاتوو وەک هونەرمەندێکی بنچینەیی لەناو مێژووی هونەردا جێگای بکەنەوە.
دەزانم ئەم ووتەی من لەگەڵ ڕەزامەندی زۆربەی ئەو هونەرمەندانەدا نایەتەوە کە ڕۆڵی نێوەندگیری هونەرمەند ڕەتدەکەنەوە و سورن لەسەر ڕاستی و دروستی ئاگاییان لەکاتی ئەنجامدانی کردە داهێنەرانەکە- سەرباری ئەوەش، هەمیشە ئەو بڕیارانەی مێژووی هونەر لەسەر سروشتی کارێکی هونەریی داویەتی دووربووە لەو ڕاڤە عەقڵانیانەی هونەرمەند بۆ کارەکەی خۆی کردووە. 
ئەگەر هونەرمەند وەک مرۆڤێک، پڕبێت لە ئاگایی بەرامبەر خۆی و تەواوی جیهان، بەڵام هیچ ڕۆڵی  نەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر کارە هونەرییەکەی خۆی، ئەی چۆن باس لەو دیاردە بکەین کە وەرگر دەباتە ئاستێک کاردانەوەی ڕەخنەیی هەبێت بەرامبەر کارە هونەرییەکە؟ بەدەربڕێنێکی تر، چۆن ئەم کاردانەوە ڕەخنەییە دروست دەبێت؟


دروستبوونی ئەم دیاردە هەروەک ئەوە وایە هونەرمەند بخەیتە جێی وەرگر لەو ڕووەوە کە بەر مادە نەبزۆکەکانی وەک پاودەری ڕەنگی و پیانۆ، یاخود مەڕمەڕ دەکەوێت و کارلێکیان لەگەڵ دەکات بەپێی ئەو ئەزموونە ئیستاتیکیەی سروشتیەی هەیەتی.
بەڵام پێش ئەوەی بابەتەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بەرم، ئەمەوێت ڕوونکردنەوەیەک بدەم لەسەر ئەوەی ئێمە چۆن لە ووشەی 'هونەر' تێدەگەین – بەدڵنیاییەوە بێئەوەی پەنا ببەین بۆ پێناسەکردنی.
ئەوەی بەبیری مندا دێت ئەوەیە هونەر دەگونجێت باش یان خراپ، یاخود لەهەر پلەیەکی نێوان باش و خراپدا بێت، بەڵام، هەر ئاوەڵناوێک لەپاڵ ووشەی هونەردا دانرێت، هەردەبێت بەهونەری دانێین، واتە هونەری خراپ هەر هونەرە وەک چۆن هەستی خراپ هەر هەستە.
هەربۆیە، کاتێک ئاماژە دەدەم بە 'ئاوەڵناوە-تەواوکەرەکەی-پاڵ ووشەی هونەر'، ئەبێت تێبگەن لەوەی من تەنها ئاماژە بۆ هونەری باڵا ناکەم، بەڵکو ئەمەوێت باس لەو میکانیزمە خودییە بکەم کە هونەر لە دۆخێکدا بەرهەمدێنێت کەهێشتا خامە و دۆخێکی دیاریکراوی نەگرتووە، جا باش یان خراپ بێت، یاخود لەهەر پلەیەکی نێوان باش و خراپدا بێت.
کاتێک هونەرمەند دەست دەبات بۆ کردەیەکی داهێنەرانە، لەڕێی زنجیرەیەک کاردانەوەی سەراپا سەبجێکتیڤەوە لە نیازەوە بەرەو ناسینەوە کردەکە دەڕوات. ململانێی هونەرمەند تا دەگاتە ناسینی بەرهەمێک بە زنجیرەیەک لە هەوڵ و ئازار و دانبەخۆداگرتن و کەوتن و بڕیاردا تێدەپەڕێت، دیسانەوە ئەمیش ناکرێت بڵێین هونەرمەند بەتەواوی لێیان بەئاگایە، هەر هیچ نەبێت لەڕووی ئیستاتیکیەوە.   
دەرئەنجامی ئەم ململانێیەش جیاوازییەک دەهێنێتە ئاراوە لەنیوان نیاز و ناسینەوەکەی، جیاوازییەک کە هونەرمەند لێی بێئاگایە.
لەئەنجامیشدا، ئەو کۆمەڵە کاردانەوانەی لەگەڵ کردە داهێنەرەکەوە دێنە ئاراوە زنجیرێک پێکدەهێنن و لەو زنجیرەش ئەڵقەیەک نادیار دەمێنێتەوە. ئەم ئەڵقە وونبووە، بریتیە لە کەمتوانایی هونەرمەند لە گەیاندنی نیازەکەی بەشێوەیەکی تەواوەتی، دەرکەوتنی ئەم جیاوازییەی لەئەنجامی ئەوەی هونەرمەند خۆی نیازیبووە بناسرێت و ئەوەی ناسراوە، بریتیە لەو 'ئاوەڵناوە-تەواوکەری-پاڵ ووشەی هونەر' کە هونەرمەند خۆی دەیخاتە پاڵی و کارە هونەرییەکە خۆی لەخۆیدا لێی بەرییە.

بەدەربڕینێکی تر، کاتێک کەسێک هونەر دەکات 'ئاوەڵناوە-تەواوکەرەکەی-پاڵ ووشەی هونەر' بۆ ئەو وەک ئەو پەیوەندیە ئەرزماتیکیە وایە کە لەنێوان گوزارشتلێنەکراو بەڵام نیازبووە گوزارشتی لێبکات بە گوزارشتلێکراوێک کە نیاز نەبووە گوزارشتی لێبکات.
بۆئەوەی هەڵە تێگەیشتن ڕوونەدات، دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە ئەم 'ووشە-وەسفییەی پاڵ هونەر' بریتیە لە دەربڕینێکی هونەرییانەی خودی بۆ کارێکی هونەریی لەدۆخێکی خامدا، کەهێشتا هونەرەکە خامە و دەبێت لەلایەن وەرگرەوە 'پاڵفتە' بکرێت، وەک چۆن شەکر لە مۆلاس و خەوشوخاڵەکەی جیادەکرێتەوە؛ پلەبەندی لە خراپترینەوە بۆ باشترین پلەی هونەریی کارێک کەبەهۆی ووشە-سیفەتیەکەی پاڵ ووشەی هونەرەوە دەردەکەوێت، هیچ پەیوەندی بە کەسی بەرهەمهێنی کارە هونەرییەکەوە نیە. ئەم کردە داهێنراوە ڕەهەندێکی تر وەردەگرێت کاتێک وەرگر ئەزموونی دیاردەی وەچەرخانبەرسەرداهێنراوەکە دەکات: ئەویش لەڕێی ئەو گۆڕانکارییەوە هەڵدەهێنجرێت کەبەسەر ئەو مادە ووشک و نەبزۆکەدا هاتووە و کردوویەتی بە کارێکی هونەریی، لەم بارەدا گۆڕانکاری ڕاستەقینە بەسەر مادەکەدا هاتووە و ڕۆڵی وەرگریش لێرەدا ئەوەیە لەڕووی ئیستاتیکیەوە کێشی کارە هونەرییەکە دیاری بکات.

بەڕەچاوکردنی هەموو ئەمانەی ئاماژەمان پێدان، ئەکرێت بڵێین هونەرمەند بەتەنها هەرخۆی هەڵناستێت بەئەنجامدانی کردەیەکی داهێنەرانە؛ بەڵکو وەرگریش کارەکە دەهێنێت و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بۆ دروست دەکات لەڕێی بڕیاردان و ڕاڤەی تایبەتمەندییە ناوەکیەکانی کارەکە و بەم شێوەیە هەوڵی خۆی دەخاتە سەر ئەو کردە داهێنراوەی هونەرمەند. ئەمەی دەیڵیم زۆر ڕوونتر دەردەکەوێت کاتێک نەوەکانی-داهاتوو بڕیاری کۆتایی خۆیان لەسەر کارەکان دەدەن و هەندێکجاریش ڕێکدەکەوێت هونەرمەندە فەرامۆشکراوەکانیش دەهێننەوە بەرباس و لەگەڵ کات و شوێن دەیانگونجێننەوە.

       تێبینی:- ئەم تێکستە بریتیە لەو وانەیەی لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦١، دۆشامپ لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیۆرک ووتویەتیەوە. 
 

هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ